نوسین: مێهرداد ئێزەدی
وەرگێڕان: دەشتی مەحمود
سەرنجێکی وەرگێڕ:
مێهرداد ئێزەدی لەم وتارەدا لەسەر گۆتییەکان وەکوو بیرسایەکی کێشەداری پەیوەست بە بنەچەی کوردەکانەوە ڕادوەستێت؛ کە نەک تەنیا بۆ خوێنەری مێژووی کورد بەڵکو بۆ زۆرینەی مێژوونووسانی کورد با بە کورد و ناکوردەوە کێشەی دروست کردووە و بەرەو دەرەنجامگیری هەڵەی بردوون. ئەم هەڵەیە بۆ ناو ڕۆشنبیرانی کوردیش شۆڕبووەتەوە؛ ئەوانیش بەبێ سڵەمینەوە هەمان بیرسای کێشەداریان بۆ مێژووی کورد و بنەچەی کوردەکان بەکار بردووە. ئێزەدی لێرەدا دەڵێت کاتێک لە کوردێک دەپرسیت مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە، دەزانێت دێرینە بەڵام دەڵێت بۆ گۆتییەکان؛ لەڕاستیدا کەمتر دەڵێن بۆ گۆتییەکان مەگەر ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ مێژووی کورددا بێت وەها وەڵام بدەنەوە. ئەگەر لە کوردێک بپرسیت لانیکەم لە کوردانی باشور ئەوا دەڵێن بۆ مادەکان دەگەڕێنەوە و نەوەک ماد و کەیخسرەون. تەنانەت فیگەرێکی گەورەی وەکوو مەسعود محەمەد گوتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە زۆر دووبارەی دەکاتەوە و بووە بە جۆرێک لە کڵێشە و ڕۆشنبیرانی دوای خۆیشی دووبارەی دەکەنەوە؛ ئەویش ئەوەیە کە کوردەکان لە دوای کەوتنی مادەکانەوە لەناو بۆشایی مێژوودا یان لە دەرەوەی مێژوو بەسەر دەبەن. لێرەدا لەسەر کێشەکانی ئەم کڵێشە ڕاناوەستم تەنیا دەمەوێت لەم دەربڕینەوە ئاماژە بە هەڵەتێگەیشتنی بەربڵاو و گەورە لەمەڕ مێژووی کورد بدەم کە هەمووانی گرتووەتەوە ئیدی لە چ پێگەیەکدا بن یان خاوەنی چ پاشخانێکی فراونی ڕۆشنبیری بن. ئەم بەربڵاوییە کێشەدارە وامان لێدەکات بە وردبوونەوەیەکی وەسواسئامێزەوە سەرلەنوێ مێژووی کورد بپشکنین و وەکوو ئێزەدی دەڵێت مێژووی کورد دیسان بناسینەوە. ئەم وتارە نموونەیەکی بچووکی ئەم دووبارە ناسینەوەی مێژووی کوردەکانە.
لەم دواییانەدا بەر کتێبێکی وێنەیی نوێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایاب کەوتم لەبارەی جلوبەرگ و قوماشی کوردی. سەرەڕای ئەوەش، لە کتێبێکی لەو جۆرەدا، نووسەرانی کتێبەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە گونجاویان زانیبوو کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی دەقی ناو کتێبەکەی خۆیان بۆ مێژووی کورد تەرخان بکەن. ئەمە کتێبێکی مێژوویەکی هونەریی نەبوو، تاوەکو ئەم بەشەی بۆ مێژووی کورد تەرخانکرابوو تا ڕادەیەک پاساودار بکات. لەبری ئەوە، ئەم کتێبە هەوڵێکی خەمگینانە بوو بۆ مێژووی خانەدانی و سیاسیی کورد کە لێکچوونێکی کەم یاخود هیچی لەگەڵ مێژووی ڕاستەقینەدا نەبوو. لەم کتێبە مێژووییە کاریکاتێرەدا، کەسایەتییە ئوستورەییەکان وەک کەسی ڕاستەقینە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هەروەها، کورد وەک ناکورد مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بە پێچەوانەشەوە. جا خاڵی دەستپێکی هەموو ئەم “مێژوو”ـە، بێگومان لە گۆتییەکانەوە دانراوە، کە وەک پێویستییەکی باو هەمیشە ئامادەیی هەیە. نووسەرانی ئەم کتێبە، کێماسیی مەعریفەی مێژوویی، تەنیا بە باوەڕێکی ڕەسەن و شادیهێنەری خۆیان جێگەی دەگرنەوە. بەڵام، باوەڕ بە تەنیا دەبێتە هۆی مشتومڕێکی کڵۆڵ.
من هەرگیز کوردێکم نەناسیوە کە باوەڕی بە ئەوپەڕی دێرینیی مێژووی نەتەوەکەی نەبێت. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک پرسیاری لێدەکرێت، لە وەڵامدا تەنها دەتوانێت بە “گۆتی” وەک دوا وێستگەی ئەم “هێنانەوەیادی شتە ڕابردووە” پرووستییە، گریمانە لەسەر ئەم مێژووە دوور و درێژە پێکبهێنێت.
بۆ کورد، گۆتی بۆتە سەرچاوەی مێژوو، نەتەوە و هەستیان دەربارەی ڕیشەی خۆیان. تەنانەت گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە هەر دەستەواژەی “کورد” (هەرچەندی نەکردەشبێت) لە “گۆتی”یەوە سەرچاوەی گرتووە. لە ڕاستیدا گۆتی، بووەتە هاوواتای مێژووەکەیان و تەنانەت بەرجەستەبوونی هەقیقەت و ڕەسەنایەتی؛ تاڕادەیەک بووە بە خوایەک. بەڵام لە کوردێک بپرسە: “گۆتییەکان کێن؟”، ئەوا کەس ناتوانێت هیچت پێ بڵێت! بێگومان، ئەمە شتێکی سەیر نییە؛ چونکە ناکرێت بتوانن وەڵام بدەنەوە! لەبەرئەوەی کەس بە درووستی نازانێت ئەم گۆتییانە کێن و دەستکەوتەکانیان چی بووە. ئەگەر گۆتییەکان وەها سڕێکە و لە ڕووی کەلتوورییەوە وەها ناپێکهاتەیەک بن، بۆچی کورد وەک باوانی خۆیان دەیانەوێن؛ بۆچی ئاماژە بەم گۆتیانە دەکەن وەک سەرچاوەی یەکلاکەرەوە بۆ بەڵگەی مێژووی دوور و درێژیان؟ بێگومان، ئەوە خاڵە بنەڕەتییەکەیە: دەربارەی نەزانراو، مرۆڤ ئازادە هەموو شتێکی گەورە یان بچووک، باش یان خراپ، بداتەپاڵ و هیچیشی لەسەر نەکەوێت.
بەڵام، هەربەڕاستی گۆتییەکان کێن؟
لە نێو زۆرێک لە دانیشتوانی هۆری زمان لە شاخەکانی کوردستاندا، مرۆڤ کۆمەڵەیەک بەو ناوە دەدۆزێتەوە (هەروەها، بە قوتیل و قوتی و هاوشێوەکانیش ناودەبرێن). بەپێی تۆمارەکانی میزۆپۆتامیا ئەم ناوی گۆتییە دەگەڕێتەوە بۆ خاکێک، کە بە گونجاوترین شێوە بە ناوی ئەوانەوە ناونراوە، “گۆتیوم”[1]. هەڵکەوتەی جوگرافیای ئەم گوتیۆمە لە شوێنێک لە ناوەڕاستی زنجیرە چیای زاگرۆسدا بووە، لە نێوان لوڕستان و گۆمی وان. بۆ ماوەی نزیکەی دوو سەدە (نزیکەی ٢٢٠٠ بۆ ٢٠٠٠ پێش زایین) گۆتییەکان دەستی سەربازیی باڵایان بەسەر دەوڵەت-شارەکانی میزۆپۆتامیا (بە پلەی یەکەم، سۆمەری) گرتووە. لە نمایشێکی سەرنجکێشی هێزدا، گۆتییەکان سەرکەوتوو بوون لە لکاندنی سۆمەر بە قەڵەمڕەوییانەوە. هەروەها، وا دەردەکەوێت، خانەدانێکی جیاوازی گۆتییان دامەزراند کە زیاتر لە سەدەیەک، هەتاوەکو ئەوکاتەی دەرکراون، حوکمڕانی سۆمەریان کردووە. لە ڕاستیدا، چیای جودی (لە نێوان زاخۆ و شرناخ لە باکووری ناوەڕاستی کوردستان) کە لە پەرتووکی پیرۆزدا ناوی هاتووە و ئێستاش هەمان ناوی ماوە، لەگەڵ خێڵی کوردی جودیکانلو شێوەی جۆراوجۆری ناوی کۆنی، “گۆتی”ـیان پاراستووە. تا ئێرە، هیچ کێشەیە لە ئارادا نییە.
بەدڵنیاییەوە گۆتییەکان تەنیا گەلی هۆریزمان نەبوو کە لە شاخەکانی کوردستانەوە ڕژانە ناو میزۆپۆتامیا، بەڵکوو تەنیا یەکێک بوون لەناو چەندین خەڵکانی تری هۆریدا. ئەوەی کەمێک لەبارەی زمانی گۆتییەکانەوە دەیزانین، بە گوتەی زمانناسێکی کۆنی دیاکۆنۆف، ئەوەیە کە زاراوەیەکی هۆرییە هاوشێوەی زاراوەی ئۆرارتویی، (دیاکۆنۆف و ستارۆستین، “هورۆ-ئورارتویی وەک زمانێکی قەوقازی ڕۆژهەڵات”، Münchener Studien zur Sprachwisssenschaft. زنجیرەی نوێ ١٢، ١٩٨٦). هۆرییەکان، باوباپیرانی کوردانی مۆدێرن، لە ئەوکاتە تەواوی شارەکانی میزۆپۆتامیا (بۆ نموونە هەردوو شاری کێش-ئەداب) و ئەوانەی لە دامێنی گردەکان (بۆ نموونە نوزی/گاسور(کەرکوک))یان جێگیربوبوون. تا ساڵی ١٥٠٠ پێش زایین، ئەم کۆمەڵە هۆرییانە تەنانەت بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی نزمنیشانی میزۆپۆتامیا شێوەیەکی زمانی پیجین[2]ـیان لە نێوان زمانی هۆری و زمانی ئەکەدی دروست کردبوو. تاتەقوڕینە ئەکەدییەکان بە سوکایەتییەوە باس لە نووسەرانی هۆری دەکەن لە بەکارهێنانی خراپی زمانی ئەکادییان و بە “شێوازی هۆری” ناوزەدی دەکەن. لە ناوەندە شارییە گرنگ و نزیکەکانی هۆری وەک ئاراپخا (کەرکوکی کۆن) تەنانەت ناوی گۆتییش نادۆزرێتەوە کە لە هیچ تۆمارێکدا ئاماژەی پێکرابێت. ڕەنگە مرۆڤ بڵێت کە ئەرشیفەکانی ئاراپخا تەنیا ٣٥٠٠ ساڵ تەمەنیان هەیە و هەربۆیە نزیکەی ٥٠٠ ساڵ لە دوای یەکەمین ئاماژە بە گۆتی، تازەترن. زۆر باشە، بەڵام تاتەقوڕینە سۆمەرییەکان کە نزیکەی ٤٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر کە ڕاسپاردەی دەستی پاشای بەناوبانگی ئینمێرکاردا نوسراون، بە درێژی باس لە پەیوەندییە بەهێزە ئابووری و ئایینی و سیاسییەکانی نێوان سۆمەر و “ئاراتا” دەکەن- شانشینی بەناوبانگ و تا ئێستا نەدۆزراوە، کە پێدەچێت لە ناوەڕاست چیای زاگرۆسی و ناوەندی گوتییەکان بووبێت. ئینمێرکار نزیکەی ٤٥٠ ساڵ پێش داگیرکردنی سۆمەر لەلایەن گەلانی شاخەوە کە پێیان دەڵێین گۆتی، ژیاوە. کەچی لە هیچ شوێنێکدا ئێنمێرکار باسی گۆتییەکان یان خاکەکەیان ناکات. ڕەنگە مرۆڤ بڵێت ئێنمێرکار شاخ و شاخنشینانی باش نەناسیوە. بەڵام وانییە، ئەم باش دانیشتوانی چیاکانی زاگرۆسی ناسیوە.
ڕاستییەکی سەرسوڕهێنەر ئاشکرابوو کاتێک کە سۆمەرناسی بەناوبانگ ساموێل نۆح کرەیمەر لە وەرگێڕانی تاتەقوڕێکی سۆمەرییدا ئاشکرای دەکات کە ئێنمێرکار خۆی برای پاشای ئاراتا بووە، هەر بۆیەش، پێدەچێت خەڵکی شاخەکانی کوردستان بێت (کرەیمەر، “سۆمەر و ئێرانی کۆن: گوڵچنین لە ئەدەبیاتی سۆمەری، بولیتینی ئینستیتیوتی ئاسیا، ١، ١٩٨٧). چۆن دەبێت ئێنمێرکار لەسەر گۆتییەکان نەیبیستبێت، ئەگەر بەڕاستی گۆتییەکان هێزێکی سەربازیی بەهێز بووبێتن؟
پارادۆکسەکە لێرەدایە: هیچ سۆمەرییەک پێش داگیرکردنی سۆمەر گۆتییەکی نەبینیوە و دەربارەیان هیچی نەیبیستووە. هەروەها، خەڵکی ڕەسەنی شاخەکانی کوردستانیش دوای ئەو داگیرکارییەی سۆمەر لەلایەن گۆتییەکانەوە، هیچی دەربارەی گۆتییەکان نەبیستەوە. لە ڕاستیدا، ئێمەش هەرگیز ناوی گۆتییەکانمان نەدەبیست، ئەگەر داگیرکاری ١٢٥ ساڵەی سۆمەر نەبوایە، کە ئەم داگیرکارییەش بۆ هەمیشە سۆمەر و کۆمەڵگای سۆمەری لەناوبرد. ئەستێرەی هەڵکشاوی سامییەکان لە میزۆپۆتامیا لە سەردەمی پاشا سەرجۆنی یەکەمی ئەگەد (ئەکەد) بەرزترین ئاستی درەوشانەوەی بەخۆوە بینی. سەرجۆن نزیکەی ٣٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر سۆمەرییەکانی لەناوبرد و لەگەڵیشیاندا، گۆتییە “ڕاستەقینە”کانیشی لەناو برد.
دوای سەرجۆن جارێکی تر گۆتییەکان نابینرێنەوە. بەڵام بۆ ماوەی ١٥٠٠ ساڵی داهاتوو، میزۆپۆتامیاکان هەموو دانیشتووانی چیاکانی کوردستان وەک سوکایەتی بە “گۆتی” ناودەبەن.
با دووپاتی بکەمەوە، کە ئەرشیفی هۆرییەکان -واتە ئەرشیفی دانیشتوانی ڕەسەنی چیاکانی کوردستان- هەرگیز ئاماژە بە دیاردەی گۆتیی ناکەن. ئەگەر کەلتوورە ڕەسەنەکانی شاخەکان گۆتییەکانیان نەناسیبێت و جگە لە سۆمەرییەکان بۆ ماوەی تەنیا یەک سەدە ناویان بردبن، هەروەها هیچ کام لە کەلتوورە نزمنشینەکانی میزۆپۆتامیاش نەیانناسیبێت، ئەوا بەڕاستی دەکرێت گۆتییەکان چەندە گرنگ بووبن؟ بەداخەوە، زۆر نا.
ئەگەر گۆتییەکان ئەوەندە ناگرنگ بووبن، ئەی ئەم هەموو هەرایە بۆ ئەم ماوە زۆرە، بۆچی؟ گۆتی، بە ڕێکەوت بوو بە خۆرێکی گەورە کاتێک بەبێ ئاگاداری خۆیان تێکەڵ بە گەلی پەندئامێزی “ڕاست”: سۆمەرییەکان بوون، ئەمەش لەبەرئەوەی سۆمەرییەکان لە هەزارەکانی داهاتوودا گرنگیی زۆریان دەبێت؛ چونکە، دواجار سۆمەرییەکان ئەوانەن کە تێگەیشتنەکانیان بوونە بنچینەی تێگەیشتنی مرۆڤایەتیی مۆدێرن؛ ئایین و ئوستورەیان بوو بە بنچینەی زۆربەی ئایین و ئوستورەکانی دوای خۆیان.
چیرۆکەکانی نوح و لافاوە مەزنەکە، ئیبراهیمی باوک (خەڵکی “ئوری کلدانی”- پایتەختی سۆمەر)، تەنانەت زاراوە ئینگلیزییەکانی وەک “شوکرانەبژێری”[3] و “خەرەند”[4] لە بنەڕەتدا سۆمەرین. بەمشێوەیە، ئەوەی کاریگەری لەسەر سۆمەرییەکان هەبوو، کاریگەری هەمیشەیی لەسەر بنەما سەرەکییەکانی مەعریفە و نەریتی مرۆڤایەتیی دروستکرد. ئەوەی ئازاری سۆمەرییەکان دابێت، ناڕاستەوخۆ هەموو کەسێکی دیکەی ئازارداوە -ئەمەش ماوەیەکی زۆری خایاند. چارەنووس تەنیا کاتێک زەردەخەنەی بۆ گۆتییە ناڕوونەکان کرد، کاتێک ئازاری سۆمەرییەکانیان داوە.
زۆرێک لە گەلانی تر کە بە پێچەوانەوە ناڕوون و بێ بایەخن، ئەمڕۆ بێ هیچ هۆکارێکی ڕەوا جگە لەوەی هەزاران ساڵ لەمەوبەر ئازاریان بە جولەکەکان داوە یان خۆشیان پێ بەخشیوون (هەتا ئێستاش ئێمە لە ڕێگەی کاریگەریی کتێبی پیرۆز و قورئان)ـەوە، بۆ ئێمە ئاشنان. کێ گوێی لە ئەدۆمییەکان و سۆدۆمییەکان و عەموراییەکان و مۆئابییەکان و هەندێ گەلانی دیکە دەبوو ئەگەر نەخرابایە ناو ئوستورە و ئایینی جوولەکەکانەوە؟ بە دڵنیاییەوە گۆتییش بۆ هەمیشە نادیار دەمایەوە ئەگەر لە دوا کاتژمێری ژیانی سۆمەریاندا خۆیان نیشان نەدابا.
ئەکەدییەکان میراتی سۆمەرییەکانیان بۆ ئاشوورییەکان و بۆ بابلییەکان و دواتر بۆ ئێمەش گواستەوە. بەم شێوەیە، تا ئاوابوونی خۆری میزۆپۆتامیا لە ژێر هەژموونی فارسەکاندا لە سەدەی شەشەمی پێش زایین، ئەکەدیەکان و ئاشوورییەکان و بابلییەکان بە هەر کەسێکی دانیشتوانی چیاکانیان حەز لێ نەبووایە بە “گۆتی” ناویان دەبرد. ئەمڕۆش، هێشتا ئێمە هەموو مرۆڤە خراپەکان بە “فلستین (ڕەشۆکباوەڕ)”[5] ناودەبەین، ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی کە فلستینییە کۆنەکان کەوتنە لایەنی بەرانبەری جولەکەکان. بەڵام، وەرگرتنی میراتی جولەکەکان لەلایەن زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی جیهان، لەو کاتەوە سوکایەتیکردن بەشی فلستینییەکانە، هەرچەندە نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵە کەس فلستینێکی لە گۆشت و خوێندا نەبینیوە. بیرمان نەچێ، ڤانداڵە[6] ڕاستەقینەکان تەنیا هونەر و تەلارسازی ئیمپراتۆری ڕۆمییان “تێکدا”. بەڵام ئەمڕۆ ئێمە هەموو کەسانی وەها بە “تێکدەر”[7] ناودەبەین، جا ئەمریکیی بن یان ئەرمەنی، ژاپۆنیی بن یان جامایکی.
جێگای خۆشحاڵییە کە گەلی کورد هەست بە پێویستی مێژووی خۆی دەکات. بەڵام شەرمەزارییە، کە مێژوونووس و ڕۆشنبیرانی کورد نەیانتوانیوە مێژووی ڕاستەقینەی خۆیان بخەنە بەردەست -مێژوویەک کە کورد شانازی پێوە بکات، نەک مێژووی خەیاڵیی “گۆتی”.
ئاخۆرەی “گۆتی” تەنانەت داویەتی لە گیانی ڕۆژئاواییەکانیش کە لەسەر کورد دەنووسن -مێژوونووسییەکەشیان زۆرجار وەک سەرگەرمییە. نموونەیەکی سەرنجڕاکێش لە ڕەشنووسی کتێبێکی ڕێنماییدا دەرکەوت کە لەلایەن ڕێکخراوێکی واشنتۆنەوە بە ناوی ئەکسێس[8] بەرهەم هێنرابوو، کە لە ئینستیتیوتی ئاشتی ئەمریکا یارمەتیی دارایی بۆ بڵاوکردنەوەکە وەرگرتبوو. ئەو بەشەی تایبەت بوو بە کوردەکان، ڕوداوڕیزییەکی بەم شێوەیەی تێدابوو: “٢٤٠٠ پێش زایین: ڕەوەندی ئاژەڵبەخێوکەری گۆتی لە زنجیرە چیای زاگرۆس”! جا ئەم کتێبە ڕێنماییە وەک سەرچاوەیەک بۆ بەکارهێنانی “خوێندکاران، زانایان، بەرپرسانی گشتی” و هاوشێوەکانی بڵاوکرایەوە. باشە کەواتە، “شوکرانەبژێری بۆ خوا.”
لە نووسین بۆ ڕەواندنەوەی جێگیرێتیی گۆتی، ڕەنگە بە ئەوە تۆمەتبار بکرێم کە “ڕەوە”ـی کوردم بەبێ مێژوو بەجێهێشتووە. بەڵام، خەرمان هەڵچنین لەسەر وەهمەکان بۆ بنیاتنانی واقیع وەک دروستکردنی کۆشک وایە لەسەر هەورەکان. کورد لە لایەن ڕۆشنبیرەکانییەوە وەک پاساوێکی هەژارانە بۆ مێژوو، گۆتی پڕ بە پێستی هەمووانیان پێدراوە. لەگەڵ گۆتیدا، کورد بووەتە مایەی گاڵتەجاڕی لای ئەو کەسانەی کە هەندێک زانینیان لەسەر مێژووی ڕاستەقینە هەیە. ئەگەر ڕاستگۆ بین، ئێمە تا چەند بانگەشەی گەلێک بۆ دێرینییان بە گرنگ وەردەگرین ئەگەر تەنیا شتێک کە بتوانن بەرهەمی بهێنن بۆ سەلماندنی مەزنیی ڕابردوو، پەیوەندییەکیان بێت بە فلستینەکانەوە؟ “گۆتی، باوباپیرانی مەزنمان؟!”
خۆزگە دەخوازین، لە داهاتوودا کەمتر لە سەر گۆتی و هەرای گۆتی دەبینین. بەدڵنیاییەوە، باوەڕی کورد لەسەر دێرینبوونی، مسۆگەر بە گەڕاندنەوەی مێژوی ڕاستەقینەی ئەم گەلە دێرینە دەگەین. چونکە، لە کوێ خواست هەبێت، هەمیشە دابینکەرێک دەبێت.
سەرچاوە: M.R. Izady, “In Gutis We Trust”, Kurdish Life, Number 14, 1995
[1] Gutium
[2] Pidgin (زمانی پیجین، ئامرازێکی ئاسانکراوی ڕێزمانییە بۆ پەیوەندیکردن لە نێوان دوو کۆمەڵە یان زیاتر لە خەڵکدا گەشە دەکات کە زمانێکی هاوبەشیان نییە: بە شێوەیەکی ئاسایی، وشەسازی و ڕێزمانەکەی سنووردارە و زۆرجار لە تێکەڵەی چەند زمانێکەوە شێوە دەگرێت).
[3] hallelujah
[4] abyss
[5] Philistine
[6] Vandals
[7] vandals
[8] Access



