ناوخت؛ پروژه فرهنگی و فکری چندزبانه

ئایا ترامپ شێکسپیر دەخوێنێتەوە؟

نووسینی: تێری ئیگڵتۆن
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ع. خەتـــــات

سەرۆککۆماری ئەمریکا هات بۆ بەریتـــــانیا و ڕۆیشتەوە. وە لەبەر ئەوەی لە تەواوی ماوەی سەردانەکەیـــدا تەنانەت بۆ جارێکیش لەبەردەم جەماوەردا، “جنێو” و وشەی “پووچ” و “بێمانا”ی لە دەم نەهاتە دەر کەواتە گەشتەکەی بۆ بەریتانیا دەکرێت بە سەرکەوتوو هەژمار بکرێت.

ڕۆڵی ئەمریکا بریتیـــیە لە فەرمانڕەوایی بەسەر جیهاندا، لە کاتێکدا ڕۆڵی بەریتانیا دابینکردنی باکگراوندێکی باق و بریقە کە بتوانێت سەرنجی خەڵك لە هۆکارە ناشیرنەکانی گەشتەکەی ئەو لاببـــــات. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ترەمپ هێشتا پێی نەگەیشتبووەوە ماڵێ، دووبارە دەستی کرد بە سووکایەتیکردن بە سەرۆکشارەوانیەکەی لەندەن. ترامپێك کە ملیارەها دۆلار بۆ خەرجی کۆمەڵکوژیی فەلەستینییەکان دابین دەکات، هاوکات بێ خانە و لانەکانی وڵاتەکەی خۆی وەك خۆڵ و خاشاك مامەڵە دەکات. لە لایەن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە وەها پێشوازیی لێدەکرێت، وەك بڵێی بەرگدرووێکی ماســتاوچییە و لە دەوری ئاغاکەیـــدا دەسوڕێتەوە تاوەکو پێوانەی پانتۆڵەکەی وەربگرێت. ئێمە ڕەنگە ئیمپراتۆریەتەکەمان لەدەست دابێت، بەڵام هێشــــتا لە بەرپاکردنی نمایشە سەرنجڕاکێش و تەشریفاتە شاهانەییەکاندا دەستێکی باڵامان هەیە.

ماستاوچێتی خاسیەتێکی سەیری هەیە، تەنانەت کاتێك بشزانیت کە ماســتاوکردنە، هێشتا هەر بەرهەمدارە. دوور نییە تەنانەت ترەمپیش هەندێك جـــار لە جیهانە نارسیستییەکەی خۆی بێتە دەرێ و تێبگات ئەو یۆنیفۆرمە سوورانە، ئەو تەشریفاتە شـــاهانەیە و ئەو سفرە ڕازاوانە تەنها بۆ نمایش نین، لەگەڵ ئەوەشــدا چێژیان لێ دەبینێـــت. ئەم چیرۆکە “نیڵز بۆر”، فیزیکناسە بەناوبانگەکەمان دەهێنێتەوە یــــاد؛ ئەو عەقڵگەرا سەرسەختەی کە تەڵسمێکی (نوشتە) لەسەر دەرگای ماڵەکەی هەڵواسیبوو تاوەکو ڕۆحە پیسەکان دوور بخاتەوە. جارێك لێیــــــان پرسی بوو مەگەر تۆش بڕوات بەم خورافاتانە هەیە؟ ئەویش بە زەردەخەنەیەك وەڵامی دابۆوە: دەڵێن کارکردی خۆی هەیە؛ جــا بڕوات پێی هەبێت یان نــــــــا.

لە ڕوانگەی زۆرێك لە دەرەوەی ئەمریکا، ترامپ بریتیــیە لە نموونەیەکی زیندووی هەموو ئەو وێـــنە کڵیشەییانەی دەیدرێتە پاڵ ئەمریکییــــــەکان. هەروەك چۆن لە کڵیشە باوەکاندا، بەریتانیـــیەکان خەڵکانێکی خۆبەزلزان، دووڕوو و دڵڕەقن، تا ئەو ئاستەی کە ڕەنگە لە ناو چاڵێــــکدا جێت بهێڵن و بمریت تا دەست لە تایبەتمەندییەکانت وەرنەدەن، ترامپیش بە هەمـــان شێوە؛ پڕ لە هەراوزەنـــــــــا، بێ شەرم، بێزارکەر، لووتبەرز، چاوچنۆك، بێباك بەرامبەر بە کولتوور، شەڕەنگێز و دیلی جۆرێك لە گەشبینی کە هەندێك جار لە شـــێتی نزیك دەبێــتەوە. (بێوویژدانی نەبێــت، هەندێك لە باشترین هاوڕێکانم ئەمریکــــــین. بۆ نموونە منداڵەکانم.) ترامپ هەمان ئەو پێگەیەی هەیە کە فەرەنسییەك لە نوکتە بەریتانییـــەکاندا هەیەتی: پیاوێك ئەڵقەپیازێك لە ملیایەتی، چەند مەعشووقەیەك دەوریان داوە و هیچ کات لە هەڵتەکاندنی شانی ماندوو نابێت.

ئێمە دەزانین ترامپ خولیای بەریتانیایە. ڕاستییەکەی، بەو ڕەنگی قژ و ڕوخسارە زەرد و بێ ڕەنگەیەوە، وەك بڵێی ڕەگێکی سکۆتلەندی لە ڕوخســــــاریدا دیارە. کەواتە هیــــچ دوور نییە وا بزانین شەیدای شێکســـــپیر بێت؛ ئەو نووسەرەی کە بە دووربینیی هەمیشەیی خۆی، قسەی زۆری دەربارەی چل و حەوتەمین فەرمانڕەوای ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا هەیە. تەنها بەسە سەرێکی “هاملێت” بدەین تاوەکو شوێنپێی دۆناڵد ترەمپیشی تێــدا ببینن. بۆ نموونە، یەکێك لە مەتەڵەکانی ئەم شانۆگەرییە ئەوەیە کە بۆچی هاملێت، سەرەڕای ئەوەی دەزانێت “کڵادیۆس” هەم باوکی کوشتووە و هەم دایکی مارە کردووە، ئەوەندە لە کوشتنی ئەودا دوودڵە و درەنگ دەجووڵێــــــــتەوە. هەر جارێكیش دەگاتە لێواری لەناوبردنی ئەم دەستدرێژیکەرە، دەستی هاملێت بە شێوەیەکی نهێنی دەگیرێت.

یەکێــك لە چارەسەرەکانی ئەم مەتەڵە لە لایەن فرۆیدییـــەکانەوە پێشــــنیار کراوە، ئەوەیە کە هاملێت ناتوانێت کڵادیۆس لەناو ببات، چونکە لە قووڵایی ناخودئاگای خۆیدا، ئەو وێنەی خۆی تیـــــا دەبینێت. کڵادیۆس بە کوشتنی باوکی شازادە و هاوسەرگیری لەگەڵ دایکی، هەمان ئەو کارەی کردووە کە هاملێت، لە پەنهاندا، ئارەزووی ئەنجامدانی دەدات. کەواتە ئەگەر کڵادیۆس بکوژێت، وەك بڵێی بەشــــێك لە خۆی لەناو بردووە. بێگومان ئەمە چارەسەرێك نییە کە بە دڵی بەریتانیـــیەکان بێت، ئەو گەلەی خاوەنی تێگەیشــتنێکی گشــتین نەك ژیربیـــنی. بێگومان هاملێت بیانی بوو و بیانییەکانیش، چونکە ئەو تێگەیشتنەی خۆمان لە خۆمانیان نیــیە، ڕەنگە ئارەزووگەلێکیان هەبێت کە خۆیان لێی ئاگادار نین. ڕەنگە ئەم تیۆریــیە لە دۆخی هاملێت و کڵادیۆس زۆر بە سوود نەبێت، بەڵام بە تووندی پەیوەندی هەیە بە پەیوەندی نێوان ترامپ و پوتیــنەوە.
ئەگیــــنا بۆچی هەر ئاگادارکردنەوەیەکی ترامپ بۆ پوتین، یان بەردەوام دوا دەخرێت یان بە بێدەنگی فەرامۆش دەکرێت؟ بۆچی هێندە درەنگ دەخایەنێت تاوەکو تێبگات کە ئەو لەگەڵ تاوانبارێك و بکوژێکدا بەرەوڕووە؛ هەمان ئەو کەسەی کە “ئەلێکسی ناڤاڵنی” ژەهرخوارد کرد، هەرچۆن کڵادیۆس باوکی هاملێتی بە ژەهر لەناو برد؟ وەڵامەکە ئەوەندە ئاڵۆز نیــــیە: چونکە پوتین هەمان ئەو ستەمکارەیە کە ترامپ هەمیشە خەوی پێوە دەبینێت؛ ئەو کەســایەتییە دووەمەیە کە ناتوانێت لێی ڕزگار بێت، ئەو برا ســێبەرەی کە دیموکراسی بە نوکتەیەکی بێ مانا دادەنێت و یاساش دەبێت ملکەچی دەسەڵات بێت.

هەندێ لە ڕوخســاری “نایگڵ فەراج” (سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی بەریتانی)، لە شازادە “هاڵ”ی شێکسپیردا دەردەکەوێت. هەردووکیان بە بەردەوامی سەردانی مەیخانەکان دەکەن، نەك لەبەر خولیای خواردنەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی خۆیان وا دەرخەن کە بەشـــێکن لە “خەڵکە ئاساییەکە”. هاڵ-یش پۆپۆلیستێکی ڕاستڕەوە کە خۆی لە ژیانی ئاسایی خەڵکدا دەبیـــنێتەوە، لە گەڵ “فالستاف”ی سوارچاك و پۆز لێدەر و تاقمەکەی دەسوڕێتەوە تاوەکو لە نزیکەوە لەگەڵ ژیانی خەڵکی ئاســـــــایی ئاشنا بێت. دواتر، کاتێك تاجی پاشایەتی دەنێــتە سەر، هەر ئەم مەعریفە بە دەستهاتووەی بەکار دەهێــنێتەوە بۆ سەرکەوتن بە پلیکانەکانی دەسەڵاتدا. ئەو ڕۆژەی کە دەگاتە پاشایەتی، بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێك واز لە فالستاف دەهێنێــــت، ڕێك هەر بەو شێوەیەی کە ئەگەر فەراجیش ڕۆژێك بگاتە دەسەڵات، هەمان ئەو خەڵکەی کە ئەمڕۆ دەیانکاتە پلیکانەی خۆی بۆ سەرکەوتن، دەفرۆشێت. خۆشی جارێك وتبووی؛ خراپترین دەردەسەریی سەرکردایەتیکردنی پارتی سەربەخۆیی بەریتانیا ئەوەیە کە مرۆڤ ناچار بێت لەگەڵ ئەم هەموو “مرۆڤە نزمــــانە”دا مامەڵە بکات.

کەسایەتییەکی تری کە ترامپمان دەهێــنێتەوە یاد، “ماکبەس”ە؛ پاشا سکۆتلەندییەکە، کە ئەگەر لە سەردەمی ئێمەدا بژیایە، دوور نەبوو حەزی لە “گۆڵف”ـیش بێت. ڕەنگە قژیشی زەرد بووبێت. ماکبەس وەك پاشا، تەماحکار و دەستدرێژ بوو، بە شێوەیەکی بێ بەزەیی زۆر ئاواتمەند و تینووی دەسەڵات و لەگەڵ دوژمنەکانیــــــــدا بە شێوەیەکی تووند بێ ڕەحم مامەڵەی دەکرد. بەڵام هاوسەرەکەی وەك “میلانیـــا”، ڕازی نابێت بکشێتە دواوە و ببێتە ژنێکی تەنهــا لە سیبەری مێردەکەیدا. لەبەر ئەوەی لیدی ماکبەس لە کۆتاییــدا بە چارەنووسێکی خراپ دەگات، لەوانەیە مێلانیــــا بڕیارێکی زیرەکانەی دابێت کە خۆی بە تەواوەتەی نەخستۆتە ناو سایەی دەسەڵاتی مێردەکەیەوە.

ماکبەسیش هەر وەك ترامپ هەست دەکات تا ئەو کاتەی بنەماکانی دەسەڵاتی پاشــایەتی خۆی قایم نەکات، شتێك نوقســـانە، وەك بڵێی شوناسەکەی تەنها لە ســـــێبەری دەسەڵاتدا مانــــا پەیدا دەکات. ژیانیشی، هیچی مانایەکی نیــیە، لە چیرۆکێــك دەچێت کە گەمژەیەك دەیگێڕێتەوە. شێکسپیر هەمیشە نیگەرانە بەرامبەر بەو کەســــانەی کە شوناسیــان ئەوەندە لەرزۆك و گۆڕاوە کە هیچ شتێکی جێگیر لە بوونیــــاندا نادۆزرێتەوە؛ وەك کەسایەتییەکانی “پاك” و “ئەریل”، تا جادووگەرەکانی ماکبەس. بەڵام، کێشەی لەگەڵ ئەو کەسانەش هەیە کە زۆر جێگیر و سەختن، کە ناتوانن کەسی تر بن خۆیـــان نەبێت. هەندێك کەس متمانەی بە خۆی کەمە، هەندێکی تر لێی زیـــادە. شێکسپیر بڕوای وایە ئەم ململانێیە، لە ناو سروشتی مرۆڤایەتیمـــاندایە.

هەموو ئەمانە، لە تەك زۆر شتی تردا، ڕەنگدانەوەی کاری خودی شێکسپیرن وەك ئەکتەرێکی پسپۆڕ کە لە مرۆڤ دەخوازێت بێ ئەوەی خۆی ون بکات، بچێتە ناو قاڵبی یەکێکی ترەوە. تەنها کەسێك کە خاوەن “خود”ێکی جێگیر بێت، دەتوانێت پێستی کەسایەتییەکی تر بپۆشێت. لە “خەونی نیوەشەوی ناوەڕاستی هاوین”دا، “بۆتۆم” بە هەمان تەماعی منداڵانەی کە مرۆڤ دەخاتەوە یادی تەماعەکانی ترامپ، حەز دەکات هەموو ڕۆڵەکانی نمایشەکە بە تەنیا بگێڕێت، بەڵام گاڵتەجاڕییەکە لێرەدایە کە ئەو لە بنەڕەتدا ناتوانێت هیچ کەسێکی تر بێت بێجگە لە خۆی. هاملێت، هیچ تێگەیشتنێکی نیــیە لەوەی کێــیە. ئەمەش ئامۆژگارییەکەی “پۆلۆنیۆس” (پێش هەموو شتێك، لەگەڵ خۆتدا ڕاستگۆ بە) هەمان ئەو بڕە لە پووچی و فەزڵفرۆشی لە خۆ بگرێت کە زۆربەی ئامۆژگارییەکانی تری هەیەتی. ئاخر ئەگەر خودی ڕاستەقینەی تۆ بکوژێکی زنجیرەیی بێت، ئەو کات چی؟ ئایا ئەو کەسانەی کە بەردەوام دروشمی پۆست-مۆدێرنیزم “دەمەوێت لەسەر سروشتی خۆم بم” بەرز دەکەنەوە، هیچ کات بیریان لەم پرسیارە کردووەتەوە؟ دەردی زۆرێك لە مرۆڤەکان ڕێك ئەوەیە کە مانەوە لەسەر سروشتی خۆ، هۆکاری هەڵە و کێشەی زۆرێك لە خەڵکە.

“ئۆتێلۆ- عطيل”، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر توانای ئەوەی هەیە کە خۆی بێت، هەر لەبەر ئەمەشە ناتوانێت هاوسۆزیی کەسانی تر بێت. ئەو شەیدای ووتارە خۆشڕەنگ و پڕ دەنگەکانی خۆیەتی؛ ئەکتەرێکی زۆر بەهرەدارە کە خۆی بە تەواوی ڕەسەن دەزانێت. لە کاتێــکدا ترامپ، سەرەڕای حەزی بۆ نمایش و دیمەنسازی، بە…

…کات نەبوونی مرۆڤایەتییە. بەڵام، شەیتانیش دەتوانێت ڕوخساری خۆی بگۆڕێت. “ئیاگۆ”، دوژمنە فێڵباز و هەڵخەڵەتێنەرەکەی ئۆتێلۆ، دەتوانێت هەر کەسایەتییەك و هەر ڕووخســارێك وەربگرێت کە خۆی دەیەوێت (من ئەوە نیم کە هەم). هەر ئەم تواناییەیە کە وای لێ دەکات بتوانێت ئۆتێلۆ بدات بە زەویــدا. (بێگومان ترامپیش هەڵگری جۆرێك لە زیرەکی نزم و فێڵبازانەی خۆیەتی، بەڵام ئیاگۆی خۆمـــاڵی ئێمە بە دڵنیـــاییەوە “پیتەر مێندێلسۆن”ـە).

هەروەهــــــا لە نێوان ترامپ و “شا لیر”یشدا ئەم جۆرە لێکچوونانە کەم نین. یەکێکیان ئەوەیە کە لیر سەرەنجام عەقڵی لەدەست دەدات، بەڵام ترامپ هەر لە سەرەتاوە بێبەش نەبووە لە شێتی، تەنها بیر لەو ڕوخسارە گرژە لەناکاو و ئەو لادانە سوڕیالیانەی بکەرەوە.
لیر ستەمکارێکە کە، بە وتەی خۆی، “خۆی بە کەمی ناســییوە”، بەڵام سەرۆك کۆماری ئەمریکا خۆسەپێنێکە کە تا ئێســـتا تەنهـــا چرکەیەك تێگەیشــتنی لە خۆی هەبووە ئەویش وەڵامدانەوەی بووە بۆ پرسیاری ڕۆژنامەنووســێك کە لێی پرســیبوو بۆچی مەی ناخواتەوە؟ وەڵامەکەی ئەوە بوو “وێنای بکە ئەگەر بمخواردایەتەوە چۆن دەبووم!”

جیاوازییەکە لێرەدا ئەوەیە کە لیر کارەکتەرێکی تراژیدییە و ترامپ وا نییە. بەکارهێنانی ووشەی تراژیدیـــا یانی لیر تەنها بە تێپەڕبوون بە دۆزەخدا، دەتوانێت حەقیقەتی خۆی بزانێت. تەنهــا لە ڕێگەی ووردوخاش کردنی بۆ هیچ، دەتوانێت ببێــتە شتێك کە بەهای هەبێت. لیر، لە لووتکەی شـــــــێتیدا، یان ڕەنگە ڕێك لە لووتکەی داناییدا، بە تووڕەیی و ئازارەوە ڕوودەکاتە گەمژەکە و هاوار دەکات: “کێ دەتوانێت پێم بڵێت من کێم؟” ترامپ تەنانەت پرسیارەکەش تێناگات، چ جای ئەوەی وەڵامێکی بۆی هەبێت. شانۆگەری “شا لیر” باس لەو پرۆسە ترســناکە دەکات کە کەسێکی خاوەن هۆشـــیاری ســاختەی وەك ترامپ، ئەگەر بیەوێت ڕزگاری بێت، بە ناچاری دەبێت پێــیدا تێپەڕێت.

باسی ڕزگاریی لێرەوە دێت، ترامپ لە لایەن یەکێك لە موریدەکانیەوە، وەك “مەسیحییەکی سەربەرز” وەسف کرا بوو. لە ڕاســـتیدا ترامپ هەر وێنایەکی لەسەر خۆی هەبێت، لە ورچ “پادینگتۆن” مەسیحیتر نیــیە. ئاخر لەم جۆرە شتانەدا ناتوانرێت تەنها بە بانگەشەی مرۆڤەکان خۆیان قایل بیت، لەسەر پرســی ئەوەی کە ئایـــا مەسیحییە، یان هەواداری تایلۆر سویفتە یان لایەنگرێکی مانچێستر ســیتیە. ئەگەر کەسێك بڵێت عاشقی تایلۆر سویفتم، بەڵام تەنانەت بۆ جارێکیش دەنگی ئەوی نەبیستبێت و وێنەکەی نەناسێتەوە، یان بانگەشەی ئەوە بکات پشتیوانی مانچستەر سیتییە، بەڵام هەرگیز یارییەکانی ئەم تیمەی نەبینی بێت، ئەوە یان درۆ دەکات، یان خۆی فریو داوە، یان لە بنەڕەتدا هیـــچ شتێك لە چەمکی “پشتیوانی”بوون تێناگات. چیرۆکی بانگەشەی مەسیحی-بوونی ترامپیش هەمـــان شتە.

دەستەواژەی “خۆشبەحاڵەکان” لە پەیمانی نوێدا (ئینجیل) باسی کۆمەڵێك گروپی مرۆڤ دەکات کە خاوەن بەرەکەتێکی تایبەتن: ئاشتیخوازەکان، هەژاران، خۆنەویستەکان، بەزەییداران، ئەوانەی چەوسێندراونەتەوە و ئەوانەی تینووی دادپەروەرین. بەڵام ترامپ بۆ هەموو ئەمانە تەنها یەك ناوی هەیە: (دۆڕاوەکان-Loser). لە ڕاستییشدا لە ڕوانگەی لۆژیکی ئەم جیهانەوە، زۆریش بە هەڵەدا نەچووە. بەم سیفەتانەوە کەس ناگات بە هیــــچ شوێنێك، بە پێچەوانەوە، ئەمە کورتترین ڕێگەیە بۆ شکستخواردن، هەمان ئەو ڕێگەیەی کە دامەزرێنەری مەسیحییەتیش تێیپەڕاند.

لە ئینجیلدا، عیسا هۆشداری دەداتە یارانی کە جیهان لێیان بێزار دەبن و سەرەنجام دەیانکوژن. ئەمڕۆش بەشێکی گەورەی جیهان ڕقیـــان لە دۆناڵد ترامپە و ڕەنگە ئەمە تاقە خاڵی هاوبەشی ئەو بێت لەگەڵ شوێنکەوتووانی مەسیحدا. پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێســتا لە لایەن خۆشەویستییەوە هەڕەشەی لەسەرە، تێدەکۆشێت لەناوی ببات و ئێستاش وا دەردەکەوێت کە سەرکەوتووە. بەڵام تراژیدیاگەلێکی وەك شا لیر شتێکی تر فێری ئێمە دەکەن: ئەوەی کە وەك شکست دەبینرێت، هەندێك جار بە شێوەیەك کە بە سەختی درك دەکرێت، تاقە ڕێگەی ڕاستەقینەی ژیانکردن بێت؛ کەواتە و لە کۆتایــیدا تەنهـــا ڕێگەی سەرکەوتنە.

سەرچاوەی وەرگێڕان:
https://unherd.com/2025/09/does-trump-read-shakespeare/

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *